ميترو: ئەلینا رۆمانۆوسکی باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق رایگەیاند، یەکگرتوویی ناوماڵی کورد گرنگە، بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەزووترین کات ئەنجامبدرێت و هەماهەنگی باشیان لەگەڵ ئەمەریکا هەبێت بەتایبەتی لە پرۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و رووبەڕووبوونەوەی داعش.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8/6/2023، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق لە سلێمانی لەگەڵ رۆژنامەنووسان کۆبووەوە و گفتوگۆ لەسەر چەند پرسێک کرا.
لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری کوردستان24 لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق، ئەلینا رۆمانۆوسکی گوتی: “ئێمە هانی سەرجەم لایەنەکانی هەرێم دەدەین پێکەوە کاربکەن و جیاوازییەکانیان وەلابنێن، بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامدەرەوەی داواکاریی و پێوسیتییەکانی خەڵک بن. بێگومان ئێمە هانی وەلانانی جیاوازییەکان دەدەین، چونکە بەشێوەیەکی سەرەکی ئەوە خەڵکە ئازار دەچێژێت لە ئەگەری نەبوونی یەکگرتوویی. ئێمە وای دەبینین هەبوونی هەرێمێکی کوردستانی بەهێز و پەرەسەندوو لەچوارچێوەی حکومەتی فیدراڵیدا، دەبێتە هۆی دڵنیایی لە سەقامگیرکردنی ئاسایش، هەر لەبەر ئەمەش پێکەوە کارکردن زۆر گرنگە”.
گوتیشی: “کاری لە پێشینەی ئێمە پێویستی بە یەکگرتوویی و دابینکردنی سەقامگیرییە لەچوارچیوەی دەستووری عێراقدا، هەروەها چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە. یەکێکی دیکە لە کاری لەپێشێنەمان بەهێزکردنی حکومەتی هەرێمی و عێراقە بەتایبەتی لە بواری سەربەخۆی وزە، لە رێگەی پەرەپێدانی کەرتی گازی سرووشتی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی بۆرییەکان، هەروها تێپەڕاندنی یاساییەکی هەمیشەی نەوت و گاز”.
باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق، راشیگەیاند: “خاڵێکی دیکە لای ئێمە زۆر گرنکە، ئەویش رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی ئابووری، کە دەبێتە هۆی بازرگانی و وەبەرهێنانی بەهێزتر، کە ئەمە زۆر گرنگە بۆ بەرەپێشبردن و خۆشگوزەرانی هەرێمی کوردستان، ئەوەی مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بڕیار لەسەر کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدەن”.